٢٢ ئاب ٢٠٢٠ - ١١:١١
مامۆستا هەژار و ئەبوو عەلی سینا ئەمیری پزیشکەکانی جیهان

لە ئێران، ڕۆژی بیست و سێی ئووت بەرانبەر بە یەکەمی خەرمانان کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایک بوونی ئەبوو عەلی سینا فەیلەسووف و بیرمەندی ئێرانی، وەکوو ڕۆژی پزیشک ناودێر کراوە.

به پیی هه وال ده ریی ئالو به یت(ع) ـ ابنا ـ ئەبوو عەلی سینا لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین فەیلەسووف و بیرمەندەکانی ئێرانە کە بەرهەمەکانی لە بواری فەلسەفەی ئەرەستوویی و پزیشکی گرینگایەتیەکی زۆریان هەیە.

ئەبوو عەلی سینا ناسراو بە ئێبن سینا ٤٥٠ کتێبی لە بواری جۆراوجۆر نووسیوە کە یەکێک لە بەناوبانگترینی کتێبەکانی کتێبی "شەفا" زانستنامەی زانستی و فەلسەفیە و کتێبی " قانوون" ( یاسا لە پزیشکی) یەکێک لە کتێبە بەناوبانگەکانی ئێبن سینا لە بواری پزیشکییە کە لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا نووسیوە. ئەو کتێبە بۆ چەندین سەدە، چ لە وڵاتە ئیسلامییەکان و چ لە ئەورووپای سەدەکانی ناوەڕاست،  ڕۆڵی سەرچاوەی هەبووە لە بواری پزیشکیدا.

ئەبوو عەلی سینا، زانا، فەیلەسووف، پزیشک و بیرمەندی گەورەی ئێرانی کە لە جیهانی ڕۆژاوا بە ناوی( Avicenna) و نازناوی " ئەمیری پزیشکان" دەناسرێت، لە مانگی سەفەری ساڵی ٣٧٠ ی کۆچی مانگی لە شاری بوخارا لەدایک بوو.

ناوبراو هەر لە منداڵییەوە هۆش و زیرەکیەکی تایبەتی بۆ فێر بوونی زانست هەبوو تا ڕادەیەک کە لە تەمەنی دە ساڵان تەواوی قورئانی لەبەر کرد و فێر بوو و دوای ئەوە دەستی بە فێر بوونی مەنتیق و بیرکاری کرد. دواتر لەلایەن ئەبوو دوهەیل مەسێحی فێری باسی سروشتی و سەرووی سروشتی و پزیشکی بوو.

کاتێک ئێبن سینا گەیشتە ١٨ ساڵان، چی دیکە پێویستی بە خوێندن و فێر بوونی هیچ زانستێک  نەبوو؛ چونکوو هەموو زانستەکانی دەزانی و تەنیا پێویست بوو ئەوەی کە دەیزانێ پەرەی پێ بدات.

 ئەبوو عەلی سینا پاش سەفەر بۆ خۆراسان و هەمەدان و ئیسفەهان و خزمەت بە پادشای ئەو سەردەمە و نووسینی چەندین کتێب، لە دووهەمی پووشپەڕی ساڵی ٤١٦ ی کۆچی هەتاوی لە تەمەنی ٥٧ ساڵان لە مانگی ڕەمەزان کۆچی دوایی کرد و لە هەمەدان بەخاک سپێردرا.

ئاسەواری ئێبن سینا:

بەرهەمەکانی ئەبوو عەلی سینا بریتین لە ١٣١ نووسراوی خودی ئێبن سینا و ١١١ بەرهەم کە بە بەرهەمەکانی ناوبراو بەناوبانگن.

کتێبی موجمووع، حاسڵ و مەحسووڵ، کتێبی بێڕ و ئەسم، کتێبی شیفا، کتێبی قانوون، کتێبی ئەرساد کولیە، کتێبی ئیناسف، کتێبی ئەدویە قەلبیە، کتێبی قۆلنج و... بەشێکی بچووک لە کتێبەکانی ناوبراون.

قانوون بەناوبانگترین بەرهەمی نووسراوی ئیبن سینا سەبارەت بە زانستی پزیشکی، پێکهاتە و مێژوو، کەیهان ناسی، زانستی مەزاج، دەرمان، خەسارناسی، نەخۆشی تایبەت و پێکهاتەی دەرمانیە، کە بە ئێنجیلی پزیشکی دەناسرێت.

 کتێبی شیفا یەکێکتر لە بەناوبانگترین کتێبەکانی ئەبوو عەلی سینایە، چوار بەشی سەرەکی هەیە: مەنتیق، زانستی سروشتی، بیرکاری بریتی لە هیندسە، هەسارەناسی و مۆسیقا، زانستی سەرووی سروشتی.

شیاوی باسە کە مامۆستا هەژار، شاعیر و نووسەر و وەرگێڕی کورد دوو کتێبی گرینگی ئەبوو عەلی سینای لەوانە قانوون و شەفای وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی.

ئەم بەرهەمانەی مامۆستا هەژار خزمەتێکی زۆر گەورەن بە بەشی زانستی زمانی کوردی و نیشانەیەکە لە لێهاتوویی و زاڵ بوونی مامۆستا هەژار بە سەر زمانی فارسی و عەرەبی .

ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕۆژی پزیشک لە هەموو پزیشکانی جیهان و بەتایبەتی ئێران پیرۆزبایی دەکات ، هیوای تەندروستی و بەردەوام بوون بۆ ئەو چینە زەحمەت کێشەی کۆمەلگا دەخوازێت کە لە ئەم دۆخەی تەشەنە سەندنی کۆرۆنا بوێرانە و گیان فیدایانە خەریکی خزمەت بە کۆمەڵگان.

342/